حكومەتی هەرێم سەبارەت دابەشكردنی موچە لەڕێگەی بانك روونكردنەوە دەدات


حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵە "چەواشەكارییانە"ی سەبارەت بە پڕۆژەی (هەژماری من) بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوورن لەڕاستییەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە "لە چەند پەیج و دەزگایەكی میدیایی، لێدوانێكی چەواشەكارییانە سەبارەت بە پرۆژەی هەژماری من، بڵاو كراوەتەوە، كە ئامانج لێی لێدانە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە "سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، كە سەرلەبەری ئەو لێدوانانە دوورن لە راستییەوە و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵاتی تەواون لە خەرجكردنی مووچەكەیان و هەر بڕە پارەیەك كە دەچێتە سەر هەژمارە بانكییەكەیان".

لە چەند رۆژی رابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر پڕۆژەی (هەژماری من)ی راگەیاند كە لە دوو ساڵی داهاتوودا فەرمانبەران لەڕێگەی حسابی خۆیان لە بانك دەتوانن مووچەكانیان وەربگرن.

دواتر كەناڵی ئێن ئارتی رایگەیاند، ئەو بانكەی كە بڕیارە مووچەی فەرمانبەرانی لێ دابەش بكرێت هی "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە)".



PM:09:01:14/10/2023