ئەمڕۆ دووشەممە هەریەک لە ئەمریكا، ئیسرائیل و میسر ئاگربەستێکی کاتییان لە باشوری كەرتی غەززە ڕاگەیاند کە لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، رێکەوتنێکی کاتی میسر و ئیسرائیل و ئەمریکا لەسەر ئاگربەستی کاتی لە باشووری غەززە کراوە کە لە کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆوە بە کاتی فەلەستین دەستپێدەکات.
هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل و میسر ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە دەروازەی ڕەفەح بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر کراوە دەبێت.
تائێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن سوپای ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە ئیسرائیل، هەروەها لەلایەن بەرپرسانی حەماسەوە نەبووە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە و بەپێی دوایین ئامارەکان تائێستا هەزار و ٤٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیل کوژراون کە (٢٩١)یان سەربازن.
هەروەها ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە دوو هەزارو ٧٠٠ کەس، (١٠) هەزار کەسی دیکەش بریندارن.