لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن

بە مەبەستی تاوتوێکردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەران، بڕیارە شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد بکەن. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و لەسەر داوای حکومەتی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆدەبێتەوە".

شەوی ڕابردووش هونەر جەمال وتەبێژی دارایی هەرێم، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە سبەینێ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب سەردانی بەغدا دەکات و رۆژی چوارشەممەش لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەماندا کۆدەبێتەوە. 

شاندەکەی هەرێم پێکدێن لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی بەدواداچوون.


PM:12:19:16/10/2023