" سپی " ناوەرۆکی کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی بڵاودەکاتەوە

‌وێنە.. ئەرشیف
 بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی دەکەن، ئەم سەردانە بۆ نزیککردنەوەی رای هەردوو حزب بووە لەسەر ئەو پرسانەی ناکۆکن لەگەڵ یەک، هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە هەڵبژاردنەکان کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بافڵ تاڵەبانی لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی ئەمەریکا دەکات.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) دوێنێ ١٧ی تشرینی یەکەم بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەردانی نێچیرڤان بارزانیان جێگری سەرۆکی پارتیان لە هەولێر کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەکدا کە دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجامدراوە، هەردوولا بیروڕایان لەسەر کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان و دۆخی ئێستای کوردستان و عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووە لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتی داوای دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ کردووە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەسەر دەکەن و وەڵامی یەکێتی دەدەنەوە.

بەپێی ئەو بەدواداچوونانە، کۆبوونەوەکە بۆ هەردوولا ( پۆزەتیڤ )بووەو لە کەشێکی ئاساییدا بەڕێوەچووە.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی بەسەردانێک بگاتە ئەمەریکا.   



PM:05:24:18/10/2023