لە بەرازییەکانی قەرەچووخ شەڕ لە نێوان سوپای عێڕاق‌ و پێشمەرگە روودەدەن (نوێکرایەوە)


پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ یەک شەممە لەسەر زنجیرە چیای قەرەچووخ ئەو شوێنەی کە پێشتر گەریلاکانی پەکەکە  تیایدا نیشتەجێبوون، شەڕ لە نێوان هێزەکانی ٨٠ پارتی و سوپای عێڕاق لەسەر ئەو زنجیرە چیایە روودەدات، تا ئێستا ئەوەی ئاشکرا بووە کوژراو بریندار لە هەردوولا هەیەو بریندارەکانی پێشمەرگە دوو ئەفسەرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەخمور بە ماڵپەڕی ( سپی ) راگەیاند" ئەو زنجیرە چیایەی کە پێشتر چوار سەنگەری پەکەکەی تێدا جێگیربووەو لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون کە ئەمنییەتی ئەو ناوچەیە بدرێتە دەست سوپای عێراق، پێشمەرگە ئەمڕۆ هەوڵیداوە کۆنترۆڵی بکات، لەو دەمەدا لەگەڵ سوپای عێراق رووبەڕووی یەک بوونەتەوەو کاتژمێر چوار بۆ ماوەیەک شەڕ روویداوە".

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بریندار لە هەردوولا کوژراو بریندار هەیە، پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوەو دوو پێشمەرگەش بو پلەی  ئەفسەر بوون.

زنجیرە چیای قەرەچووخ کە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵات و باکوری رۆژئاوای مەخمورەوە زنجیرە چیایەکی ستتراتیژین و لەکاتی پەلاماری ٢٠١٤ی داعشدا پەکەکە لەو چوار سەنگەرەی لەسەر چیایەکەیە جێگیربووە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش گەریلا لەو سەنگەرانەدا بووە بەئامانجی پاراستنی ئاوارەکانی باکوری کوردستان کە لە مەخمور نیشتەجێن.

هەفتەی رابردوو پەکەکە و سوپای عێراق رێککەوتن کە ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بدرێنە دەست سوپای عێراق، بەڵام لەڕووی ستراتیژیەوە ئەو زنجیرە چیایە بە دەست هەر هێزێکەوە بێت دەتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەی کەندێناوە بکات و لە مەدای چەکەکانیدا بێت کە لە ژێر دەستی هەرێمدایە.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێزەکانی ٨٠ بەلایانەوە پەسەند نییە کە سوپای عێراق لەو جێگا ستراتیژییە جێگیربن، هەر بۆیە ئەمڕۆ هەوڵیان دا کۆنترۆڵی بکەن و شەڕی روویدا.

بەپێی زانیارییەکان ئێستا فەرماندەی سووپای ١٤ ی عێراق هاتۆتە ناوچەکە و تا ئێستا نازانرێت رووداوەکە بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام شەڕەکە لە ئێستادا وەستاوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە. 


PM:06:08:22/10/2023