"داتا و ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێممان بۆ بەغداد پشتڕاستکردەوە"

ئەمڕۆ وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کۆبووەوە و پرسی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و ئامادەبونیان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ کرا. 

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) پێشوازی کرد لە شاندێکی کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر دواین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و ئامادەبوونیان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەم بارەیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند" توانیومانە بۆ سێیەم جار داتا و ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگای دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حکومەتی عێراق پشت ڕاست بکەینەوە و خەرجی و داهاتەکانیش بە ڕاپۆرتێکی ورد و پڕ زانیاری پێشکەش بکەین". 

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا ئاوات جەناب نووری وتی" وەکو وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکاریمان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و مادانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە کۆتایی دیدارەکەدا پرسی هاندان و پشتیوانی کۆمپانیا بیانیەکان و دابینکردنی شایستەکانیان و بابەتی ڕێکخستنەوەی بانکەکان و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە بە بایەخەوە گفتوگۆی لەسەر کرا و جەخت لە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە کرایەوە". 


PM:09:30:22/10/2023