سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمەرگە پشتیوانی لە راگەیەندراوەکەی سودانی دەکات


لە بارەی رووداوەکەی چیای قەرەچووخەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمەرگە پشتیوانی خۆی بۆ راگەیاندنی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ( سودانی )دووپات دەکاتەوە کە داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.

لەو راگەیاندنەدا کە درەنگانی شەوی رابردوو ٢٢ ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت " پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین بۆ ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەکە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە ٢٢ ی تشرینی یەکەم، رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لەهەردوولا لێکەوتەوە. سەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین". 

" ئێمە پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت"، راگەیاندنەکەی سەرۆکایەتی ئەرکان ئاماژە بۆ دەکات.
 
ئێوارەی ٢٢ ی تشرینی یەکەم بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو زنجیرە چیایەی کە پێشتر گەریلاکانی پەکەکە تێدا بوو، هێزەکانی ٨٠ ی پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر بەرزاییەکانی چیای قەرەچووخ لە ئەنجامدا لەگەڵ سووپای عێراق رووبەڕووبونەوەو چەند پێشمەرگەیەکە و سەربازی سوپای عێراق کوژران و چەندانی تریش برینداربوون.

بۆ بینینی چەند ڤیدیۆیەکی شەڕەکە جۆینی تێلیگرامی سپی بکە 




AM:09:02:23/10/2023