وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دیدارەکەی لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەشاندەوە

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێداچوونەوە بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ئۆکتۆبەر (٢٤ی تشرینی یەکەم) بوو بە گۆڕەپانی مشتومڕ لە نێوان سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی ئیسرائیل.


 رەخنە تووندەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە ئیسرائیل بووە هۆی ئەوەی کە (ئێلی کۆهین) وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە کۆبوونەوەکەی لەگەڵیدا هەڵبوەشێنێتەوە.

گۆتێرێس لە وتارەکەیدا وتی"هەرچەندە هێرشە گەورەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە ڕەوا نییە، بەڵام لە بۆشاییدا ڕووی نەداوە و پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە فەلەستینییەکان لە ٥٦ ساڵی داگیرکاریی خنکێنەردا ژیاون ". 

ناوبراو هۆشداری دا لە"سزادانی بەکۆمەڵ بۆ خەڵکی غەززە و هێرشەکەی ئیسرائیلی بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد".

لە وەڵامی ئەم قسانەدا، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی".جەنابی ئەمینداری گشتی لە کام دونیادا دەژیت؟ پێم بڵێ، ئەگەر لە شوێنی ئیسرائیل بویتایە، کاردانەوەت چی دەبوو بەرامبەر بە کوشتنی منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و سووتاندنیان ، و سەربڕینی منداڵان چی دەبێت؟"

کۆهین هەروەها داواکاری گۆتێرێسی بۆ ئاگربەست بۆ ناردنی هاوکاری بۆ غەززە ڕەتکردەوە. لەوبارەیەوە وتی" چۆن لەگەڵ لایەنێک کە سوێندی خواردووە کە ئێوە لەناو ببەن و بوونتان لەناو ببەن، لەسەر ئاگربەست ڕێکبکەون؟".

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی ئیسرائیل کرد. لە قسەکانیدا رایگەیاند"پێویستە جەخت لەسەر مافی هەموو نەتەوەیەک بکەینەوە کە بەرگری لە خۆی بکات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بەفیڕۆدانی هاوشێوە بکەین".

بلینکن وتیشی "هیچ ئەندامێکی ئەنجومەن و هیچ کام لە گەلانی ئەندام لەم دامەزراوەیە ناتوانن یان نایانەوێت تەحەمولی قەسابی نەتەوەیەک بکەن، بەڵام زۆر گرنگە گەلی فەلەستین ئەو حەمامە خوێناوییە قبوڵ نەکات کە حەماس سازیکردووە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سەرزەنشت بکرێن و سزا بدرێن”.



PM:11:00:24/10/2023