پێشەوا هەورامانی: بڕیارە جارێتر شاندی حکومەت سەردانی بەغدا بکاتەوە

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە و تێیدا ڕوونکردنەوەیان داوە لەسەر ئەو داتا و زانیارییەکانی کە پێشکەش بە بەغدایان کردووە و بڕیارە جارێتر تیمی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکەنەوە.

 رۆژی یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم( ماوەبەسەرچوو) لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەت بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووە و رایانگەیاند" روونکردنەوەیان داوە لەسەر ئەو داتا و زانیاریانەی پێسکەشی حکومەتی بەغدایان کردوە و لێک تێکگەشتنێکی ئەرێنیان هەبووە و قسەوباس لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچە لە پێوەری خەرجیی ڕاستەقینە وەک شایستەی قانونی مووچه‌خۆر و دوورخستنەوەی لە ململانێ سیاسییەکان، میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری ئەم بابەتە خرایەڕوو، هەروەها بڕیاریشە جارێترتیمی حکومەت رەوانەی بەغدا بکرێنەوە".

 
مەسرور بارزانی وتیشی "دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کاری لەپێشینەی ئەنجومەنی وەزیرانە و لەم پێناوەشدا، حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک و پابەندییە دەستووریەکانی خۆی، لە بەرانبەریشدا چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم لەپێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراقدا هاتووە بۆ هەرێم خەرج بکات، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق".


لایخۆیەوە پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم لە لێداوانێکدا بۆ کەناڵی (کوردستان٢٤) رایگەیاندووە" لە کۆبوونەوەی شاندی حکومەت لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان ٢٨پرسیار وەڵامیان دراوەتەوە ته‌نانه‌ت هەندێک پەرلەمانتاری عێراق وتوویانە ئێمە پێشتر نەمان زانیوە بابەتەکان بەم شێوه‌یه‌ن".

هەروەها رایگەیاند" ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە یاری سیاسی بەم بابەتە نەکەن و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست داوای مافی میللەت بکەن".

وتی" تا ئەو رۆژە کە حکومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی فرۆشتووە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەم سەختی و ناڕەحەتییەیان نەبینی، کە ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە.






PM:08:21:25/10/2023