نەوەی نوێ لەسەر داهات وەڵامی وتەبێژی حکومەت دەداتەوە

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێم وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەداتەوە و دەڵێت "جوان نییە جەنابتان لە وتەبێژەوە ئیشەکەتان بگۆڕن بۆ درۆبێژ".

هیمداد شاهین لە وڵامێك بۆ وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەسەر ئەوەی کە دەڵێت(هەتا هەرێم نەوتی دەفرۆشت فەرمانبەران هەموو مانگ مووچەیان وەردەگرت) دەنوسێت" جوان نییە جەنابتان لە وتەبێژەوە ئیشەکەتان بگۆڕن بۆ درۆبێژ. چونکە لەم رۆژگارەدا درۆ زۆر قورسە بەهۆی بوونی گوگڵ و گەران. هەروەها زانیاریی زۆر لەبەردەستە و ئاسان بەدەست دێت".

وتەبێژەكەی نەوەی نوێ پشت بە داتا دەبەستێت و دەڵێت"  لە ماوەی ٩ ساڵ و ٢ مانگ کە نەوتی هەرێم دەفرۆشرا ٥٧ مووچە نەدراوە یان بە نوقسانی دراوە، کە ئەمەش %٥٠ زیاترە. واتە لە کۆی ١١٠ مانگ، ئێوە ٥٦ مانگ مووچەتان نەداوە یاخود بە نوقسانی داوتانە ، بەم شێوەیە:
١٢ موچە نەدراوە لە ساڵەکانی (٢٠١٥، ٢٠١٧، ٢٠٢٠)، کە ساڵی ٢٠٢٠ کابینەی ٩ دەستبەکار بوە و تەنها لەو ساڵەدا حەوت مووچەی تەواو نەدرا بە فەرمانبەران و پێنج مووچەکەی تریش بە لێبڕینەوە درا.
٣٤ مووچە بەشێکی پاشەکەوتکرا لە ساڵەکانی (٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨)
١٠ مووچە بە لێبڕینەوە خەرجکرا هی ساڵەکانی (٢٠٢٠ و ٢٠٢١)
کۆی مووچەی نەدراو یاخود نوقسان = ٥٦ مووچە لە کۆی ١١٠ مووچە، واتە لە نیوە زیاتری مووچەی فەرمانبەران نەدراوە یاخود بە نوقسانی دراوە لەو کاتەی کە نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەفرۆشرا".


هیمداد شاهین لە كۆتاییدا رایگەیاند" بۆیە لەمەولا کە قسە دەکەیت ئاگادار بە. خەڵکانێک هەن قسەی ناڕاست و درۆ کەشف دەکەن و ڕاستی دەکەنەوە".


PM:12:14:26/10/2023