سوپاسالارێکی پێشمەرگە زانیاری ورد لەسەر شەڕەکەی چیای قەرەچووخ ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ پێنج شەممە سوپاسالاری پێشمەرگە ڕایگەیاند، "دەستێکی دەرەکی لەپشت گرژییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە چیای قەرەچووخ هەبووە، هێشتا دۆخی چیای قەرەچووخ و دەوروبەر ئاسایی نەبووەتەوە".

ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ فەریق عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە لە پەراوێزی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ساڵح زراری،کە یەکێک بوو لە بریندارەکانی ئەو شەڕەی رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق روویدا و بەیانیی ئەمڕۆ شەهید بوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "هێشتا دۆخی چیای قەرەچووخ و دەوروبەر ئاسایی نەبووەتەوە،بەڵام چاوەڕێ دەکەین بە زووترین کات بگاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی".

عیسا عوزێر وتیشی، "هۆکاری دروستبوونی گرژییەکان بە پلەی یەک نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بووە، هەروەها پەلەکردن لە گرتنی ئەم خاڵانە دەستێکی دەرەکیی تێدابووە، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کێشەکان چارەسەر بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی شەڕەکەوە ١٧ پێشمەرگە بریندار بوون، کە ئێستا دووانیان لە نەخۆشخانەن هەروەها سێ پێشمەرگەش شەهید بوون، سوپای عێراقیش دوو شەهید و هەشت برینداریان هەبووە.

سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی قەزای مەخموور پێکبهێنرێت، فەریق عیسا عوزێر وتی، "کاری لیژنەکە کۆتاییهاتووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەن". 

ڕۆژی٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، پێکدادانی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخموور لە بناری چیای قەرەچووخ، لەسەر سێ خاڵی سەربازی روویدا، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کەمپەکە، بەهۆی شەڕەکەوە ١٧ پێشمەرگە برینداربوون و ٣ پێشمەرگەش شەهیدبوون.


PM:06:56:26/10/2023