بەڕێوەبەرێتی کەمپی مەخمور: نامانەوێت سەنگەرەکانی نزیکمان ڕادەستی پێشمەرگەی پارتی بکرێت بەهۆی نزیکی پارتی لە تورکیا

دانیشتوانی کەمپی مەخمور داوا دەکەن خاڵە سەربازییەکانی نزیک لە کەمپەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق بکرێت نەک هێزی پێشمەرگە. بەرپرسانی پارتیش پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی بە حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچوخ.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە حەز ناکەین سەنگەرەکانی نزیک لە کەمپەکەمان ڕادەستی پێشمەرگەی پارتی بکرێت، چونکە ئەوان نزیکن لە دەوڵەتی تورکەوە و مەترسی گەورەمان لەسەر دروست دەبێت."

سەعید مەم وزینی،بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، "ناکۆکی نێوانمان لەگەڵ پەکەکە وایکرد، پەکەکە سەنگەرەکان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکات و ڕادەستی پێشمەرگەیان نەکات، لە کاتێکدا ئەو سەنگەرانە باڵادەستن بەسەر ناوچەکەدا لەڕووی سەربازییەوە، بۆیە پێشمەرگە ناچار بوو هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان بدات."

هەروەها وتیشی، "پەکەکە موراعاتی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات و گرفت بۆ هەرێم دروست دەکات."

کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە خاڵە سەربازییەکانی نزیک کەمپی مەخمور، دوای چەندین جار بۆردومانکردنی کەمپەکە هات لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە. کاتێک دانیشتوانی کەمپەکە داوای پاراستنیان لە حکومەتی عێراق کرد، مەرجی عێراق بۆ پاراستنیان کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە بوو.

دوای ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، حکومەتی عێراق و هەرێم لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئاڵۆزییەکە، یەکێک لە پێشنیارەکان جێگیرنەبوونی هیچکام لەو دوو هێزەیە لەو خاڵانەی بارگرژی لەسەریان ڕوویدا.

سەعید مەم و زینی، دەڵێت، "دانوستانی نێوان هەرێم و بەخدا بەردەوامە. بێگومان دەبێت ئەنجامی دانوستانەکان لەبەرژەوەندی هەردوولادا بێت."

هاوکات فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، وتی، "لەبارەی چۆڵکردنی سەنگەرەکان لە حکومەتی عێراق پرسیارمان کرد، وتیان سەنگەرەکان چۆڵ ناکەین، گەر شتی وا ڕووبدات ئاگادارتان دەکەینەوە. ئێستا لەناو کەمپەکەوە سەنگەرەکانمان لێوە دیارە و سوپای عێراقیان تێدایە."

فەریق عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ پێنجشەمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هێشتا دۆخی مەخمور هێور نەبووەتەوە، هەوڵەکانی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامن."

ڕۆژی٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، پێکدادانی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە نزیک کەمپی ئاوارەکانی مەخموور لە بناری چیای قەرەچووخ، لەسەر سێ خاڵی سەربازی روویدا، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کەمپەکە، بەهۆی شەڕەکەوە ١٧ پێشمەرگە برینداربوون و ٣ پێشمەرگەش شەهیدبوون.



PM:11:19:26/10/2023