گەردووناسێک رایدەگەیەنێت" سبەی شەو مانگ گیرانی نیمچەیی رودەدات و لە هەرێمی کوردستانیش بە دی دەکرێت".
سیروان ساڵح گەردووناس و شارەزای کەشناسی، ئەمشەو هەینی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەی شەو شەممە لەسەر یەکشەممە بە دیاریکراوی کاتژمێر (١٠:٤٥) خولەکی شەو پێشبینی دەکرێت مانگ گیرانی نیمچەیی روبدات و لە هەرێمیش بەدی دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگ گیرانەکە بە دیاریکراوی لە کاتژمێر (١١:١٥)ی شەو بە روونی بە دی دەکرێت و بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بەردەوام دەبێت، ئەو مانگ گیرانەش نیمچەیییە و تەنها بەشێکی کەمی مانگ تاریک دەبێت.
مانگ گیران دیاردەیەکی سروشتی گەردوونییە و کاتێک رودەدات کە خۆر و زەوی و مانگ بکەونە سەر یەک هێڵی راست، بەشێوەیەک زەوی بکەوێتە نێوان خۆر و مانگ، سێبەری زەوی بەر رووی مانگ بکەوێت و تاریک ببێت، ئەگەر بەشێکی رووی مانگ تاریک بێت پێی دەوترێت مانگ گیرانی نیمچەیی، بەڵام ئەگەر رووی تەواوی مانگ تاریک بێت پێی دەوترێت مانگ گیرانی تەواوەتی.