زانیاری نوێ لەبارەی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی رۆژئاوای كوردستان دەخرێتەڕوو

ئەمڕۆ یەکشەممە هەسەدە بەیاننامەیەکی لەبارەی زیادبوونی هێرشی چه‌كدارانی نه‌ناسراو بۆسه‌ر هێزه‌كانیان له‌ دێره‌زور بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" به‌كرێگیراوان هێرشیانكرده‌ سه‌ر هێزه‌كانمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زور و شه‌ڕ و پێكدادانی قورس روویدا". 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکرێگیراوان و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی سوریا بە تۆپ و هاوەن و چەکی دوشکە، هێرشیانکردە سەر گوند و شارۆچکەکانی ئەبو حەردوب و دیبان و ئەبو حەمام، هێرشەکە ژمارەیەک شەهیدی لێکەوتووتەوە، هێرشی بەکرێگیراوان کاتژمێر پێنجی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکردوە و لە سێ میحوەرەوە هەریەک لە گوند و شارۆچکەکانی سەبیخان و ئەلدەویر و ئەلمەیادین کە دەکەونە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادان، لە ڕێگای بۆردوومانی تۆپخانە و هاوەن و چەکە قورسەکانیانەوە، بەکرێگیراوان هەوڵیاندا دزە بکەن و بچنە ناو ناوچەکانمانەوە، بەتایبەتی لە گوند و شارۆچکەکانی ئەبو هەردوب، دیبان و ئەبو حەمام کە دەکەوێتە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە". 

دەشڵێت" هێزەکانمان ڕووبەڕووی هێرشی بەکرێگیراوان بوونەتەوە و پووچەڵیان کردوەتەوە، بەو پێیەی شەڕ و پێکدادانی توند ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ١٩ بەکرێگیراو کوژران، کە شەش کەسیان لە شارەدێی دیبان و ١٣ـی دیکەشیان لە گوندی ئەبو هەردوب بووە، هەروەها لەناوبردنی بەلەمێک کە ژمارەیەک بەکرێگیراویان هەڵگرتبوو جگە لەوەی ٢٠ بەکرێگیراویش بریندار بوون، لەنێویاندا بەکرێگیراو مەروان فادیل، کە یەکێکە لە بەرپرسانی بەکرێگیراوانی شێرەکانی شەرقیەی ڕژێم". 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەی هەسەدە ئەوەش هاتووە" لە ئەنجامی هێرشی خیانەتکاراندا، گولـلە هاوەنێک کەوتەوەتە سەر ماڵێکی مەدەنی و بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، جگە لەوەی ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها سێ شەڕەڤانمان لە کاتی ڕووبەڕوو بونەوەیان لەگەڵ بەکرێگیراوان شەهیدبوون". 


PM:07:01:29/10/2023