هێزەکانی ئاسایش، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە ناوبراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک
دەقی بەیاننامەکەی ئاژانسی ڕۆژنیوز بەم شێوەیەیە:
-بۆ ڕای گشتی
- سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان و عێراق
- نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) و سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و مافی مرۆڤ
- سەرجەم نوێنەرایەتی و کۆنسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان
ماوەی یەک هەفتەیە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە، شەوی ڕابردووش ئاسایشی دهۆک دانیان بەوەدا نا کە ئەوان ڕفاندوویانە، سلێمان ئەحمەد هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسەکەمان کاردەکات، لە ١ـی تشرینی یەکەم، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکیان و سەردانیکردنی خێزانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕفێندراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن، لەو کاتەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێمە و خێزانەکەیدا پچڕاوە، سلێمانی ئەحمەد ڕۆژنامەنووسێکی کارا بووە و لەو پێنج ساڵەدا بەبێ دابڕان کاری کردووە هاوکات ئەندانی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد-یەرەئایە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
پاش هەفتەیەک لە بێسەروشوێنبوونی، شەوی ڕابردوو ئاسایشی پارتی لە دهۆک لە ڕاگەیاندراوێکی چەواشەکارانە و ناڕاستدا، باسیان لەوە کرد گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد "پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە” و بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان کرد و دانیان پێدا نا کە ڕفاندوویانە.
ئێمە وەک ئاژانسی (ڕۆژنیوز) سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانەی ئاسایشی پارتی لە دهۆک، ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین، بە هەوڵێکی ترسنۆکانەی دەبینین لەبەرامبەر دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، پارتی دەیەوێت ئەم کەیسەش هاوشێوەی کەیسی زیندانییانی تری بادینان بە لاڕێدا ببات و لەسەر بنەمای تۆمەتی ناڕەوا سزای قورسی زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد-دا بسەپێنن.
ئێمە، وێڕای ئیدانە و سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوەیە داواکارین بەزووترین کات چارەنووسی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، سەلامەتی گیانی ئەو لە ئەستۆی ئاسایشی پارتی دایە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز