وەزارەتی دارایی عێراق بڕیار بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە دەدات

وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق بڕیاری لەسەر خەرج كردنی مووچەی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق داوە وبڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا دەست بەکاربن.


لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە" سەبارەت بە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، وەزیری دارایی حکومەتی عێراق واژۆی لەسەر خەرج کردنی مووچەکانیان کردووە و لەماوەیەکی نزیکدا چەند ڕێکارێک ماوە تەواو دەکرێن و دەستبەکاردەبن".

ڕاشیگەیاندووە" ئەو دوو لیوایە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی بۆشایی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە دابەش دەکرێن و جێگیر دەبن و پارێزگاری لێ دەکەن".

نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێم هەروەها راشیگەیاند"  ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەو ناوچانە و سوود و دەستکەوتێکی گەورەش دەبێت بۆ پاراستنی کورد لە ناوچەی سەرگەڕان، دوبز، مەخموور و ناوچەکانی دیکەی کوردنشین".





AM:12:06:02/11/2023