کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بە نهێنی بەردەوامە


کۆبوونەوە نهێنییەکانی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی لە هەولێر بەردەوامە، کۆبوونەوەکان بە دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوە دەچێت، بەڵام تا ئێستا سەرکردەکانی یەکێتی نە گەیشتوونەتە کۆبوونەوەنە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی.

شەوی سێ شەممە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر میوانداری نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دەکەن. 

ئەم کۆبوونەوەیەو کۆبوونەوەی مانگی رابردوو کە لە ١٧ ی تشرینی یەکەم لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدراو ئەویش هەر بەشەو بوو، سروشتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیان هەبووە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " یەکێتی لە دوای کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیانەوە لە هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی، هەرچی پارتیشە لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆیدا جەختی لەسەر چاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی هەرێم کردۆتەوە.

چاوپێکەوتنی دوو شەو لەمەوبەری نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامەکەی بەو ئاراستەیەدا رۆشتووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی کۆببنەوەو لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو پرسی پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغداو هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بکەنە بابەتی گفتوگۆی نێوانیان.

چەند جارێکە بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی هەوڵدەدات مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ببینێت، بەڵام لەم کۆبوونەوەیەشدا ئەو زەمینەیە لەلایەن نێچیرڤانییەوە نە رەخسێندراوە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " کۆنەبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی حزبەکانی تری باشوری کوردستان تەنها پەیوەندی بە بارزانی خۆیەوە هەیە کە لەدوای کۆچکردنی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانییەوە، کەمترین کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسی یەکەمی ئەو حیزبانەدا ئەنجامداوە، لەوانە بارزانی تەنها جارێک لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبۆتەوە، لەگەڵ عومەری سەید عەلی رێخکەری گۆڕان و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادوەری و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو، هەر کۆنەبۆتەوە.

مانگی رابردوو ١٧ی تشرینی یەکەم بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەردانی نێچیرڤان بارزانیان جێگری سەرۆکی پارتیان لە هەولێر کردوو بوو بەم بە مەبەستی چاککردنی پەیوەندییەکانیان و پرسی هەڵبژاردنەکان.



AM:09:22:02/11/2023