بەرپرسی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا ژمارەیەک سەرپێچی تۆمارکراون و سبەینێ ئامارەکەی بڵاودەکەینەوە".
عیماد جەمیل بەرپرسی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە (رووداوی) راگەیاند" تیمەکانمان لە پارێزگاکان هەن و سەرقاڵی تۆمارکردنی سەرپێچیی بانگەشەی هەڵبژاردنن و سەرپێچی و پێشلکاری کراوە و تۆماریش کراون، لەوانە دڕاندنی وێنە و پۆستەری بانگەشەی بەربژێرەکان".
وتیشی" بەهۆی پشووەوە ئاماری سەرپێچییەکانی دوو رۆژی رابردوومان کۆنەکردووەتەوە، بەڵام بڕیارە سبەینێ یەکشەممە کۆمیسیۆن هەموویان کۆبکاتەوە و بڵاویان بکاتەوە".
ڕۆژی ١ی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە ڕۆژی ١٨ی مانگی داهاتووش هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەڕێوەبچێت.