یانەکانی دهۆک و زاخۆ هێرشدەکەنە سەر یەکتری

لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی عێراق،  رۆژی شەممە 04-11-2023 هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە و بە گۆڵێک بەرامبەر بوون، بەڵام دوای یارییەکە شەڕ لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروست بوو، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا زیاتر لە 33 کەس بریندار بوون، کە دووانیان چەقۆیان بەرکەوتووە، لەنێو بریندارەکانیش 11ـیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.

هەردوو یانە بەیاننامەیان دژی یەکتری بڵاوکردۆتەوەو یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە هۆکاری رووداوەکان و بریندارەکان.

یانەی دهۆک ‏‎بەیاننامەیەکی  بڵاوکردووەتەوەو رایدەگەیەنێت:"  بەداخەوە و خەمبارین بۆ ئەو ڕووداوانەی  ڕوویانداوە، لەئەنجامدا کۆمەڵێک لە هاندەرەکانمان بە چەقۆ برینداربوون، جگە لە سووتاندن و شکاندنی چەندین کورسی لەسەر ستاندەکان بەبێ هیچ هۆکارێک.

یانەکە دەشلێت:"  چاوەڕێی ڕاپۆرتی ئەمنی و ئیداری دەکەین ، و هەر شتێک ڕوویدا بە بەڵگەوە ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، و ئێمە ڕایدەگەیەنین کە سازش لەسەر ئەو بابەتە ناکەین، نامانەوێت پێشبینی ڕووداوەکان بکەین، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە کە مافی یانەکە و هاندەرانی کە زیانیان پێگەیشتووە لەدەست ناچێت.


لەکۆتایدا لە بەیاننامەی یانەکە هاتووە:" بۆ ئاگاداریتان ژمارەی زیادەی هاندەرانی زاخۆ کە لە ڕێگەی دەروازەی ژمارە ٩ دەچنە ژوورەوە لە لایەن ئیدارەی یانەی دۆهوکەوە یەکلایی نەبووەتەوە و بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی بەرپرسی ئەم دەروازەیە پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بووە.
  ئێمە وەک کارگێڕی یانەی دهوک هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هاندەرە ئازیزەکانمان دەخوازین کە زیانی دەروونی و جەستەیییان بەرکەوتووە.

هەروەها یانەی زاخۆش راگەیەندراوێکی لەبارەی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هاندەرانی یانەی دهۆک و یانەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا دڵگرانی خۆیان راگەیاندووە لە هاندەران و کارگێڕیی یانەی دهۆک و دەڵێن، "پاراستنی گیانی جەماوەر لە ئەستۆی یانەی میوانداردایە" و "بەرامبەر بێڕێزی بە جەماوەرەکەمان بێدەنگ نابین."

لە راگەیێندراوەکەی یانەی زاخۆدا هاتووە، "ئێمە بە باشی دەزانین ئەو بەیاننامەی لەلایەن یانەی دهۆکەوە دەرکراوە، بۆ لادانی راستییەکانە لەسەر بابەتەکە و یانەی زاخۆ لەسەر ماف و بێڕێزی بەرامبەر جەماوەرەکەی بێدەنگ نابێت".


PM:02:02:05/11/2023