پنتاگۆن: بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ٣٨ جار کراونەتە ئامانج

وتەبێژی پنتاگۆن ڕایدەگەیەنێت" ئەمریکا چوار کردەوەی دەستبەجێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە".

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند" لەو کاتەوەی شەپۆلی هێرشەکان لە ١٧ی ئۆکتۆبەر (٢٥ی تشرینی یەکەم) دەستیپێکردووە، بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ٣٨ جار کراونەتە ئامانج".

پاتریک ڕایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند" لە زۆربەی هێرشەکاندا موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنراون و پێدەچێت هێرشەکان لەلایەن گروپەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە ئەنجامدرابن. ئێران بەئاشکرا پشتیوانی لە حەماس و حزبوڵای لوبنان دەکات، بەڵام چەندین جار ڕەتیدەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لە هێرشکردنە سەر بنکە و ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا".

وتەبێژی پنتاگۆن ڕایدەگەیەنێت" لە ئەنجامی ئەو هێرشانە لانیکەم ٤٥ کارمەندی ئەمریکی برینداربوون، لەو ژمارەیەش ٢٤ کەسیان تووشی برینداربوونی مێشک بوون". 

پێشتر لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو" لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر هێزەکانی وڵاتەکە، بەڵێندەرێکی ئەمریکی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا".

وتەبێژی پنتاگۆن دەڵێت " ئێستا ئەمریکا چوار ئەجێندای بەپەلەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەوانیش پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوڵاتییان لە ناوچەکەدا، دابینکردنی پاکێجی هاوکاری ئەمنی گرینگ بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە دژی حەماس، هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، ڕێکخستنی هێزەکانی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان لە دەرەوەی غەزە". 



PM:06:42:07/11/2023