کوردانی جوو چۆن دەڕواننە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس؟

لە راپۆرتێکی (دەنگی ئەمریکا) هاتووە کە " کوردانی جوو لە ئیسرائیل هەمان بیروبۆچوونی حکومەتی ئیسرائیلیان هەیە سەبارەت بە هێرشەکەی حەماس کە لە حەوتی مانگی دە کردیە سەر باشووری ئیسرائیل، ئەوان ئەو هێرشە بە کردەیەکی تیرۆریستی دەزانن و دەڵێن دەرئەنجامی ئەو هێرشە شەڕێکی جددی لە کەرتی غەززە لێدەکەوێتەوە".

یاهودا بن یوسف سەرۆکی پێکهاتەی کوردی جووەکان لە ئیسرائیل دەڵێت، حەماس ڕێکخراوێکی جیهادییە و ئامانجیشی کوشتنی جووەکان و لەناوبردنی ئیسرائیلە، بۆیە شەڕی لەناوبردنی ئەم گروپە ڕەوایە.

گوتیشی "ئەم شەڕە پێویستە بۆ ئەوەی حەماس نەتوانێت جارێکی تر هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەمان". گەنجانی زۆرێک لە بنەماڵەی کوردی جووەکان لە ئێستادا لە نێو سوپای ئیسرائیل خزمەت دەکەن و زۆربەیان بەشداری شەڕی دژی حەماس دەکەن. هەروەها بن یوسف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هاوکاری بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەنێرن.

ئەو سەرکردەیەی پێکهاتەی کوردانی جوو مەزەندە دەکات نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوردی جووو لە ئیسرائیل دەژین و لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون و زۆربەشیان لە کوردستانی عێراقەوە هاتوون. لە سەردەم و قۆناغی جیاواز و لە ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون.

بن یوسف، حەماس بەراورد دەکات بە گرووپی توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و دەیەوێت هەڵوێستێکی بەهێز لە دژی ئەو گرووپە نیشانی جیهان بدات.

دەڵێت "وەک چۆن جیهان هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە لەناوبردنی داعش، ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە لەناوبردنی حەماس". ئێمە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر غەززەمان بەجێهێشت و بوو بە هەرێمێکی سەربەخۆ، بەڵام حەماس لەبری ئەوەی خزمەت بە گەلەکەی بکات، تونێلی ژێرزەمینی هەڵکەند بۆ ئامادەکاری جەنگ و هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل. ئەگەر ئێستا حکومەتی حەماس لەناوببەین، خەڵکی غەززە ئارەزووی گۆڕانکارییان دەبێت، پاشان ئیسرائیلیش ئامادە دەبێت بۆ ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکان”.

هەروەها دەنگی ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە کە" بەڵام لە دەیان وڵاتی جیهان خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان و شەرمەزارکردنی کوشتنی خەڵکی سڤیل لە غەززە بەڕێوەچووە".

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەست دەکات و داوا لە ئیسرائیل دەکات کۆتایی بە گەمارۆی غەززە بهێنێت و ڕێگە بە گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بدات.

زۆرێک لە لایەنەکان دەیانەوێت حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ڕۆژئاواوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە لە گەلی فەلەستین جیابکەنەوە. بەڵام شەڕی ئیسرائیل بۆ دوورکەوتنەوەیە لە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، دژی داواکارییەکانی فەلەستینییەکانە کە دەیانەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر خاکێکی داگیرکراو دروستبکەن.

سەرۆکی کۆمەڵگەی جووەکان کورد لە ئیسرائیل پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی هاوبەشی ئیسرائیل و فەلەستین دەکات، بەڵام حەماس نابێت بەشداری تێدا بکات.

بن یوسف دەڵێت: بەهەمان شێوە کە جیهان ڕێگەی نەدا داعش لە وڵاتێکدا دەسەڵاتدار بێت، حەماسیش نابێت بەشێک بێت لە دەوڵەتێک. وە ئەوەشمان بیردەخاتەوە کە ئیسرائیل تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.

بن یوسف باس لەوە دەکات کە مێژووی نوێی کورد هاوشێوەی مێژووی جووەکانە کە بەسەر جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و بێ وڵاتن، کوردەکانی ئیسرائیلیش بە شانازییەوە دەڵێن کاتی ئەوە هاتووە کورد دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت.



PM:11:28:07/11/2023