بانکی ناوەندی: بانکە حکومییەکان دەتوانن دراوی بیانی هاوردەی وڵات بکەن

بانكی ناوەندی عێراق رێگەی بە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان دەدات کە داروی بیانی لە دەروەی وڵات هاوردەبکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند" بانكە مۆڵەتپێدراوەكان لەپێناو دابین كردنی نەختینەی پێویست بۆ ئەو بانكانەی لە عێراق كاردەكەن،دەتوانن دراوی بیانی لەدەرەوەی وڵات هاوردە بکەن".

هەروەها وتی" پێویستە داواكارییەك پێشكەش بانكی ناوەندی بكرێت و تیایدا ئەو بڕە پارەیە دیاری بكرێت، كە دەهێنرێتە ناو عێراق و ناوی ئەو كۆمپانیایەی گواستنەوەیەش تۆمار بكرێت، كە دۆلارەكان دەهێنێتە ناوەوەی وڵات". 

بانکی ناوەندی عێراق جەختی لەوە کردۆتەوە کە دەبێت ئەو پارەیەی دەهێنرێتە عێراقەوە لەپێناو دابین كردنی خواست و پێویستی كڕیارەكان بێت، كە بریتین لە كۆمپانیاكان و ڕێكخراوەكان و دامەزراوە مۆڵەتێدراوەكان و ئەو كەسانەی لە كۆمپانیاكان كاردەكەن یان لە ڕێكخراوە بیانییەكان كاردەكەن.

هەرچەندە بانکی ناوەندی عێراق چەندان هەنگاوی هاویشتووە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، بەڵام تا ئێستا کاریگەری نەبووە و نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار رۆژانە نزمتر دەبێتەوە.




PM:07:41:08/11/2023