" پشکی هەرێم لە بودجە دەبێت بە رێژەی ١٢% "

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت،" هەمواركردنەوەی یاسای بودجە چارەسەری بنەڕەتییە بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و دەشڵێت، "بە هەمواركردنەوەی یاساكە پشكی هەرێم بە رێژەی ١٢،٦٧% رەوانەدەكرێت”.

هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە میدیایەکی نزیک یەکێتی دەڵێت" لە ماوەی رابردوودا حكومەتی هەرێم سەرنج و تێبینی لەسەر چەند بڕگەیەكی یاسای بودجە هەبوو، چونكە پشكی هەرێم وەك خۆی نەنێردرا".

وتیشی، "بەپێی زانیارییەكان رێككەوتنێك لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كراوە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە بابەتی مووچە لە ئینفاقی فیعلی جیابكرێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئێستادا پەرلەمان دەچێتە پشووی وەرزییەوە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەدەچێت، لە دوای كۆتاییهاتنی پشووی پەرلەمان یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكان كە باسی لێوەدەكرێت هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و جیاكردنەوەی پرسی مووچەیە لە ئینفاقی فیعلی كە ئەو كات پشكی هەرێم بەپێی ئەوەی كە دیاریكراوە بە رێژەی ١٢،٦٧% رەوانەدەكرێت.



AM:12:41:12/11/2023