سبەی چوارشەممە لە شەش رێگا و شەقامێکی دهۆک کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەکەونە کار و هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات تۆمار دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی هاوتووچۆی دهۆک راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند" لە سبەی چوارشەممە ۱٥ی تشرینی ٢٠٢٣ لەشەش رێگاو شەقامێکی شارەکە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ دەخرێنە کار و سەرپێچی تیژڕەوی شۆفێران تۆماردەکەن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە هەریەک لە شەقامی بەرامبەر باخچەی ئاژەڵان و شەقامی نەخۆشخانی ڤەژین و شەقامی شەهیدانی یەکی شوبات و شەقامی ماڵتا وشەقامی پیشەسازیی کۆن و شەقامی بریفکا دەکەونە کار".
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردووشدا لە سنووری پارێزگای هەولێر و لەسەر رێگەی سەرەکی (دوکان - سلێمانی)یش کامێراکانی (خاڵ بۆ خاڵ) کەوتنە کار کە ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێک لە هاوڵاتییانی لێکەوتەوە.