ھاوپه‌یمانی عه‌زم: سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی حه‌لبوسی ده‌بێت

ئه‌ندامێكی ھاوپه‌یمانی عه‌زمی‌ سوننه‌كان رایگه‌یاند " به‌ پشتیوانی‌ كورد و شیعه‌، سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی دوورخراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌بێت".

فارس ئه‌لفارس، سه‌ركرده‌ له‌ ھاوپه‌یمانی عه‌زم بۆ میدیا عێراقییه‌كان وتی‌: "گفتوگۆكان له‌ناوماڵی سوننه‌ بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و جێگره‌وه‌ی حه‌لبوسی به‌رده‌وامه‌ و رێككه‌وتن هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبی ته‌قه‌دوم بێت كه‌ حه‌لبوسی سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات".

ڕوونیشیكرده‌وه‌، ھێزه‌ سیاسییه‌ شیعه‌ و كوردییه‌كان پشتیوانی ھه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كه‌ن، كه‌ ناوماڵی سوننه‌ ھه‌ڵیبژێرێت، چونكه‌ پۆسته‌كه‌ پشكی سوننه‌یه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌زم راشیگه‌یاند " تائێستا چه‌ند كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ خراونه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ كاندیدی‌ كۆتایی و وتووێژه‌كان به‌رده‌وامن".

ڕۆژی سێ شەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، لەسەر سكاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشاندەوە،  ڕۆژی چوار شەممەش سەرۆكی دوورخراوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەدوورخستنەوەی لەپۆستەكەی هاتە دەنگ و دەڵێت" دادگای فیدراڵی دەستوری پێشێلکردووە".



AM:12:02:17/11/2023