سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات


بڕیارە سبەی شەممە لەسەر داوای ٥٠ پەرلەمانتاری عێراق، کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" لەسەر داوای ٥٠ پەرلەمانتار بڕیاردرا سبەی شەممە ١٨ی تشرینی دوومی ٢٠٢٣  کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕیوە بچێت". 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە" سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە داوایەکی بەدەست گەیشتووە کە واژۆی ٥٠ پەرلەمانتاری لەسەرە بۆئەوەی سبەینێ پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی گرێبدات ئەوەش لەپێناو تەواوکردنی ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێریکردنی ئەنجومەنەکە".

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەپێی ماددەی ۵۸ی دەستوور، یەکەم: سەرۆکی کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، یان پەنجا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن داوا لە پەرلەمان بکەن بۆ دانیشتنی نائاسایی و کۆبوونەوەکە سنووردار دەبێت بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویستن پەرلەمانتاران لەپێناویدا بانگهێشتکراون.



PM:04:51:17/11/2023