لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان: گەندەڵی بە شێوەی ئاشکرا لە دەروازە سنوریەکانی هەرێم ئەنجام دەدرێن

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "کردەوەکانی قاچاخ و گەندەڵی بە شێوەی ئاشکرا لە دەروازە سنوریەکانی هەرێم ئەنجام دەدرێن، بەهۆی ئەوەشەوە ملیارەها دینار لە گەنجینە داراییەکانی عێراق نادیارە".

ئەمڕۆ هەینی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، عەلی لامی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، "گەندەڵی لە بەرێوەبەرایەتی گومرگ و باجی سەر بە وەزارەتی دارایی هەیە، بە شێوەیەک گەندەڵییەکان بە شێوەی نهێنی ناکرێت، بە چەندین راپۆرتیش باس لە مەترسییەکانی کردوە".

عەلی لامی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ٢٠ بۆ ٢٥ دەروازەی سنوری هەرێمی کوردستان پەیوەست نەکراوە بە حکومەتی بەغداوە و کردەوەی قاچاخی زۆر تێدا ئەنجامدەدرێت، هەروەها ئەو خاڵە سنورییانەش پشت بە ساڵنامەی حکومی بۆ کردەوەی هاوردە و هەناردە نابەستن و باج و گومرگ ناخەنە سەر هەندێک کاڵا.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین داواکاری پەرلەمانی ئاڕاستە کراوە بۆ ئەوەی لە بەرێوەبەرایەتییەکانی گومرگ پشت بە سیستمی ئەلیکترۆنی ببەسترێت، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی شەفاف کاروبارەکان بەرێوەببرێت، بەڵام چەندین لایەن بەربەست بۆ ئەو پێشنیازە دروست دەکەن.

وتیشی: "بەهۆی کردەوەی قاچاخەوە ملیاران دینار لە گەنجینەی عێراق نادیارە، ئەوەش مەترسی لەسەر ئابوری دروستکردوە و هەڕەشەی لەسەر پیشەسازی و کشتوکاڵی وڵاتەکە دروستکردوە".


PM:06:48:17/11/2023