بۆ یەکەمجار ئەمریکا بۆردومانی چەند بنکەیەکی میلیشا شیعەکان لە عێراق دەکات

دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بۆیەکەمجار هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی (جەرف سەخری) بەغداد بۆردوومانی چەند بنکەیەکی میلیشا شیعەکانی عێراق کرد. 

سوپای ئه‌مریكا بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" هێزه‌كانمان لە ناوچەی جەرف سەخری بەغداد، زۆر بە وردی بۆردوومانی دوو بنکەی سەربازی میلیشا شیعەکانیان لە عێراق کردووە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هێرشەکان وەک وەڵامێکی ڕاسته‌وخۆی هێرشه‌كانی سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بوون کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو گروپانەى لەلایەن تارانەوە پاڵپشتییان دەکرێت". 

لە ڕۆژی ٧ی مانگی ڕابردووە کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەستیپێکردووە و لە ١٧ی هەمان مانگیشدا بنکەکانی ئەمریکا بە مووشەک و درۆن لە سووریا و عێراق لە لایەن میلیشا شیعەکانەوە کراونەتە ئامانج کە زیاتر لە (٦٠) جار ڕووبەرووی هێرش بوونەتەوە، ئەم بەیانیەش وەک وەڵامێک بۆیەکەمجار هیزەکانی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا بۆردوومانی چەند بنکەیەکی میلیشا شیعەکانی کرد.


AM:08:41:22/11/2023