لە گەرمیان گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان گەنجێکی تەمەن (١٧) ساڵان، بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و تائێستاش هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە. 

لەوبارەیەوە عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قەدووری بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەیانی ئەمڕۆ لە ناو باخچەیەک لە پێش پەروەردەی قەزای کفری گەنجێک بە ناوی (فیراز عوسمان سابر) لە دایکبووی (٢٠٠٦) بە چەکی جۆری دەمانچە فیشەکی بە خۆیەوەنا و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان پۆلیسی قەزای کفری چوونە شوێنی ڕوداوەکە، دوای ڕەوانەکردنی تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە لەسەر چۆنێتی و هۆکاری ڕوداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ١٩ی ئەم مانگە لە نهۆمی حەوتەمی شاری نیشتەجێبوونی دانیا سیتی لە پارێزگای سلێمانی گەنجێکی (١٨) ساڵ خۆی هەڵدایە خوارەوە و دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا. 


AM:11:04:22/11/2023