ئومێد خۆشناو: لە رووی پێدانی کارەبای نیشتیمانییەوە هەولێر ستەمی لێدەکرێت

پارێزگاری هەولێر گلەیی لە کەمی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان لەسەر سیستەمی تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکە دەکات و دەڵێت" ستەم لە هەولێر کراوە". 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی پاییزی خواردنە باوەکانی کوردی کە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە شاری هەولێر چالاکییەکانی دەستیپێکرد، سەبارەت بە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" پێدانی کارەبا لە وەرزی بەهار و پایزدا تا ڕادەیەک باشە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی ئەمساڵدا پێدانی کارەبا لە وەرزی پایزدا خراپ بووە". 

پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای لە میدیاکان کرد بەدواداچوون بۆ دۆخی پێدانی کارەبای هەولێر بکەن بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد کە هەولێر ستەمی لێکراوە و بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا لەوبارەیەوە. 

دووپاتیشی کردەوە، دۆخی دابینکردنی وزە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر خراپ بووە، بە تایبەتی لەگەڵ ئەو کەشوهەوا ساردەی کە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە.

پارێزگاری هەولێر لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" هەست دەکەین هیچ دادپەروەرییەک لە دابینکردنی کارەبادا نییە لەسەر سیستەمی تۆڕی کارەبای نیشتمانی کە جیاکاری لە نێوان هەولێر و شارەکانی دیکەدا هەیە، هەروەها کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ هەولێر لە شارەکانی دیکە کەمترە". 

ئومێد خۆشناو ڕوونیشیکردەوە، لە هەندێک شاردا کاتژمێرەکانی پرۆسێسکردن دەگاتە (١٢ - ١٣) کاتژمێر، لە هەندێکی دیکەش دەگاتە دوو سێ کاتژمێر، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان. 


PM:06:10:23/11/2023