کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان ئەلیکترۆنی دەکرێت

بڕیارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ وە  مامەڵەکردن بە کاش لە سەرجەم بەنزینخانەکانی عێراق رابگیرێت و تەنیا کار بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەحمەد ریاز، وتەبێژی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا راگەیاند " لە رۆژی یەکی کانووی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ ـەوە، لە سەرجەم بەنزینخانەکان کار بە ئامێری پارەپێدانی ئەلیکترۆنی دەکرێت و کڕینی بەنزین، گاز، گازوایل و نەوت بە رێگەی پارەدانی کاش و بە دەستی رادەگیرێت."
 
روونیشی کردەوە،" ئەو سیستمە نوێیەی پشتی پێدەبەسترێت، یەکێکە لە رێگەکان و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و خێراکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی بەرهەمە نەوتییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کارکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنیی نوێ."
 
لای خۆشیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند " ئەو کارە هێشتا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە بەنزینخانەکان لە عێراق سەر بە وەزارەتی نەوتن و لەوێوە سووتەمەنییان پێدەدرێت و دابەشی دەکەن و هەمووی یەک سیستمە، بەڵام هێشتا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەو سیستمە نەبەستراوەتەوە".
 
ئەو هەنگاوەی حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار و رێگرییە لە سپیکردنەوەی پارە.
 



PM:11:36:23/11/2023