کاروان یاروەیس: مانەوەی پەرلەمانی عێراق بە بێ سەرۆک یاسایی نییە

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" مانەوەی پەرلەمان بەبێ سەرۆك لەڕوی یاسایی و سیاسییەوە گونجاو نییە، داوادەكرێت دەرگای خۆپاڵاوتنی كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە بكرێتەوە و لە دانیشتنێكی نائاساییدا هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت". 
 
كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكیسیۆنی یەكێتی بە ماڵپەڕی فەڕمی حزبەکەی راگەیاند" هەوڵەكان چڕكراونەتەوە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، چونكە دواخستنی و مانەوەی ئەنجومەنەكە بەبێ سەرۆک لەڕوی یاسایی و سیاسییەوە گونجاو نییە".

هەروەها راشیگەیاند" هاوكات چەند لایەنێك بەبەهانەی نەورژاندنی كێشەكە لەسەروبەندی هەڵبژاردندا، داوا دەكەن هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنەكە بخرێتە دوای پشووی وەرزی یاسادانان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ ئەوەی  كات بە لایەنە سوننەكانیش بدرێت بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش".

راشیدەگەیەنێت" هەوڵەكان جددین بۆ ئەوەی رۆژی شەممە ٢٥ی تشرینی ٢٠٢٣  دەرگای خۆپاڵاوتن و تۆماركردنی كاندیدەكان بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێتەوە و ناوەڕاستی هەفتەش لە دانشتنێكی نائاساییدا هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدرێت".

ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣  بەئامادەبوونی ١٨٠ ئەندام، دانیشتنی پەرلەمانی عیراق بۆ تاوتوێكردنی ھەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ و چەند پرسێكی دیكە بەسەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی بەڕێوەچوو، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ بۆ دوای سەری ساڵی نوێ دواخرا.



PM:02:56:24/11/2023