بریکاری وەزارەتی کارەبا: کێشەمان نەبوونی سووتەمەنی تەواوە

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاشکرای دەکات کە کێشەیان نەبوونی سووتەمەنی تەواوە و دەڵێت" ئەگەر سووتەمەنی تەواو هەبێت دەتوانین بێ موەلیدە کارەبای بیست و چوار سەعاتە دابین بکەین".

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، کامیل قەزاز لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند"  ئێمە ژێرخانمان هەیە، کە لە ٧٠٠٠ تێپەڕیووە، بەڵام کێشەکەمان نەبوونی سووتەمەنی تەواوە، ئەوەی ئێستا وەبەردەهێنرێت لە کۆرمۆر و دانا غاز، دێتە لای ئێمە بەڵام هێشتا بەشی بەکارخستنی یەکەکانمان ناکات، یەکەمان هەیە ئێستا وەستاوە".
 
هەروەها راشیگەیاند" ئەگەر سووتەمەنی پێویست هەبێت بەپێی ئەو ژێرخانەی ئێمە هەمانە لە دیمانلۆدی ئێستا لەکارەبا دەتوانین بەبێ موەلیدە بیست و چوار کارەبا دابینی بکەین، چونکە ئێستا دیمانلۆدەکەم پێنج هەزارە، ژێرخانەکەم ٧٠٠٠ هەزارە، بۆیە ئەگەر سووتەمەنی تەواو هەبێت دەتوانین بێ موەلیدە کارەبای بیست و چوار سەعاتە دابین بکەین، بەڵام چەند هۆکارێک ڕۆڵی هەیە، بە بابەتی سیاسیشەوە کە زۆر ڕۆڵی هەیە لەو بابەتەدا".

بریکاری وەزارەتی کارەبا وتیشی" کە کێشەی سیاسی چارەسەر بێت،  پلان چاک دەبێت ، کە پلان چاکبوو، ئابوری چاک دەبێت، یەکێک لە کێشەکانی ئابوری کارەبایە، هەتا ئەوانە چارەسەر نەبن کێشەی کارەبا چارەسەر نابێت ".



AM:12:04:29/11/2023