بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان کامێرا لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێن

یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکاتی خۆیدا دەکرێت، بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەدا کامێرا لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێن".

نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا، رایگەیاند" کۆمسیۆن بەشێوەیەکی کردەیی هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردووە، هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت، هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن گەیشتوونەتە بەغدا، بەم نزیکانە کارتی دەنگدان بەسەر سەنتەرەکانی دەنگدان دابەش دەکرێن".

وتیشی" بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەدا کامێرا لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێن، چاوەڕێین بەم نزیکانە کامێراکان بگەن، ئێستا راهێنان بە کارمەندانی کۆمسیۆن لە قۆناغی دووەم دایە، راهێنان بەو کەسانەش دەکرێت کە چاودێری کامێراکان دەکەن".

نیبراس ئەبو سۆدە راشیگەیاند" ئەمساڵ یاسای بەڕێوەچوونی هەڵبژارن جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر، دەبێ کامێراکان جێگیر بکرێن، بۆیە کۆمسیۆن کاتێکی دیاریکردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە کارە هونەرییەکان و جێگیرکردنی کامێراکان، پێش کاتی دەنگدان هەموو ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبن".

یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت " لەسەر ئاستی جیهان داوامان لە ٩٣ وڵات کردووە کە بێن چاودێری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن، هەروەها داواشمان لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان کردووە چاودێری پرۆسەکە بکەن، بێگومان نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هەڵبژاردنەکانی پێشتر ئامادەیی دەبێت و چاودێری پرۆسەکە دەکات".



PM:06:55:29/11/2023