شاندی هەرێم جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکەنەوە

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا و راپۆرتێک لەسەر هەموارکردنەوەی ماددەکانی ١١و١٢و١٣ی بودجە ئامادە دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٣، سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار رایگەیاند" بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا شاندی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ( ئێن ئاڕ تی)، راگەیاند" شاندی هەرێم راپۆرتێک لەسەر هەموارکردنەوەی ماددەکانی ١١،١٢ و١٣ی بودجە ئامادە دەکەن".

هاوکات، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند کەسایەتییەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەن کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بکەن.

سودانی ئەوەشی خستووەتە روو"هەرێم لە پێدانی داتا و دۆسیەکاندا وەک پێویست هاوکاری لیژنەکەی بەغدا نین".

وتوشیەتی" شاندەکەی هەرێم بڕیار بەدەست نیە و دوای هەموو کۆبونەوەیەک تەلەفۆن بۆ هەرێم دەکەن و فەرمانی‌ تازەیان بۆ دێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جه‌ناب، وەزیری دارایی حکومەتی هه‌رێم هەرێم چووە بەغدا و پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و لیژنەیەکی پەیوەندیدار، بەپێی زانیارییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ بەرەو هەولێر گەڕاوەتەوە.




PM:10:26:29/11/2023