حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وکۆمەلەی رێکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆبوونەوە

 حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران ، دوێنێ کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد و چەند تەوەرێکی گرینگیان تاوتوێ کرد، کە یەکیان باروودۆخی ئێستای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بوو.

رۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ کۆبوونەوەی دوو حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرەستی برایم عەلیزادە، سکرتێری کۆمەڵە بەرێوە چوو.

بەپێی راگەیەندراوی هەردووک حزبەکە " لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئەگەر و پێشهاتە سیاسییەکان، بارودۆخی کوردستانی ئێران و پێویستیی هاوئاهەنگی و پەرەپێدانی هاوکاری نێوان هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەپێناو بەڕەوپێشبردنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان تاوتوێ کران".

لە بەشێکیتری راگەیەندراوەکەدا هاتووە" باس لە هەڵوێستی حزبەکان بەرانبەر بە زەخت و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی بەرتەسککردنەوەی چالاکییە سیاسیەکانی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و هەروەها پێویستیی پەڕەپێدانی هاوکاریی نێوان هەر دوو حزب بە تایبەت لە سەر پرسە چارەنووسسازە سیاسییەکان کراوە".

سەبارەت بە بابەتی بارودۆخی حزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کورستان لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەر دوولا  لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە زۆرترین هاوکاری و هاوئاهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دەورە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە و نیشتمانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا رێگە نەدرێ کۆماری ئیسلامی بتوانێ زەربە لە پێوەندییە سیاسی و مەعنەویییەکانی دوو بەشی نەتەوەی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات. بۆ ئەو مەبەستە هەر دوولا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ دەدەن پرسەکە لە گەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان بە لێکتێگەیشتن و وتووێژ چارەسەر بکەن".

ئاماژە بەوەشدراوە کە لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردووکلا بۆچوون و هەڵوێستیان لەیەک نزیکە و بۆ چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندی باروودۆخەکان پێویستە بەرنامەی سیاسی هاوبەش و کاری هاوبەش لە نێوان حزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام بدرێت.



AM:09:46:01/12/2023