وەزارەتی کارەبا: هەوڵی زیادکردنی بەرهەمی کارەبا دەدەین

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت" گرفتی کوژانەوەی گشتی کارەبا چارەسەرکرا و لە هەوڵیشداین بۆ زیادکردنی بەرهەمی کارەبا". 

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" تیمەکانی کارەبا لە ناویاندا، کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵی شارەکان و لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەتی کارەبا گرفتی کوژانەوەی گشتی کارەبایان چارەسەرکرد و دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی کارەبا لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی کارەبا.

پێشتر وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویكردەوە، ئێوارەی دوێنێ، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم كوژانەوە و تیمەكانی وەزارەتی كارەبا كێشەكەیان چارەسەركرد، بەڵام كاتژمێر (١:٠٠)ی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی روویدا.


PM:04:42:01/12/2023