وەزارەتی دارایی: خزمەتی پارێزەرایەتی و ئەندازیاری و پزیشكی دەخرێتە سەر خزمەتی فەرمانبەران

وەزارەتی دارایی، بڕیارێك بۆ ئەژماركردنی خزمەتی راژە بۆ هەندێك لە فەرمانبەران دەردەكات و چەند خزمەتێک بۆ فەرمانبەران زیاد دەکات. 

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن ئاوات شێخ جەناب، لە ٢٣ی ١١ی ٢٠٢٣ ئاماژە بە نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە هاتووە" هەژماركردنی راژەی پارێزەرایەتی و ئەندازیاری و پزیشكی، پێش دامەزراندن ئەژمار دەكرێت، واتا نەكەوتبێتە نێو راژەی كردارەكی (فیعلی) فەرمانبەر، نەك نێوان دوو دامەزراندن."

لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەی داراییدا هەروەها هاتووە" هەر فەرمانبەرێك زیاتر لە جارێك دامەزرابێت، هەر راژەیەكی دیكەی هەبێت لەنێوان دامەزراندنەكانی، ئەوە بۆی ئەژمار دەكرێت، ئەویش لە چوارچێوەی رێنوێنییە بەركارەكاندا."

ئەژماری راژە بۆ سەر خزمەتی فەرمانبەری، هەم بۆ گۆڕینی ناونیشان و زیادكردنی مووچەیە، هەروەها بۆ خانەنشینییش سوودیان لێوەردەگیرێت.

بەپێی زانیارییەکان پێشتر بە فەرمانێك لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران، لە ٦ی ١٢ی ٢٠٢٠وە هەموو نووسراوێكی تایبەت بە خزمەت ئەژماركردن راگیرابوو، دواتر ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بە نووسراوێك كە له‌ ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢، دەرچوو، بڕیاری دا ئەژماركردنی خزمەتی فه‌رمانبه‌ران بەپێی چەند رێكار و مەرجێك بكرێتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی یاسا و رێنوێنییەكان و بە رەچاوكردنی ناردنی سەرجەم بەراییەكان، بڕیار لەسەر ئەژماری خزمەتی فەرمانبەران دەدرێت.



AM:09:57:03/12/2023