کۆمسیۆن دەیەوێت هەرێم بکرێتە سێ ناوچەی هەڵبژاردن

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پرۆژەیەکدا کە ئاراستەی دادگای فیدراڵی کراوە، هەرێمی کوردستان کراوە بە سێ ناوچەی هەڵبژاردنەوە، هەولێر و سلێمانی و دهۆک.

بەپێی نوسراوێک کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئاراستەی دادگای فیدراڵیکردووە، لەبری ئەوەی هەرێمی کوردستان یەک بازنەبێت وەک یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، دەکرێت بە سێ بازنەوە، هەوڵێر ٣٨ کورسی و سلێمانی ٤٥ کورسی و دهۆک ٢٨ کورسی دەبێت.
هەروەها لەو نوسراوەی کۆمسیۆندا دەستکاری کۆتاکان کراوەو چوار کۆتا کە دوانیان بۆ کلدوئاشور و ٢ بۆ تورکمانە بۆ پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکراوە. پارێزگای هەولێریش ٤ کورسی کۆتای بۆ دەستنیشانکراوە، دهۆکیش ٣ کورسی کۆتای بۆ دانراوە.

ئەم نووسراوەی کۆمسیۆن لەبەر رۆشنایی یاسای هەمواركراوی ساڵی ٢٠١٨ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داڕێژراوەو هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی هەرێم کراوە بە بازنەیەكی هەڵبژاردن.

کۆمسیۆن ئەم نوسراوەی خستۆتە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ بەرچاوڕوونی دادگای فیدراڵی لە کاتی بڕیاردان لەسەرئەو داوایەی لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان و، ئارام نەجیب، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. 



PM:02:15:03/12/2023