ئەردۆغان: بەم زووانە رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکەین

سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت" ڕێگە نادەین پێکهاتەیەکی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانی باشوورمان دابنرێت". 

سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دوینێ چوارشەممە ٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە وتارێکدا هەڕەشەی کرد کە رۆژئاوای کوردستان "بەم زوانە" داگیر دەکات.

وتیشی" بەم نزیکانە ناوچەی تەل ڕیفعەت و ناوچەکانی باکووری سوریا لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان پاک دەکەینەوە".

ئەردۆغان وتی" بەهەموو لایەنگرانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەر سنوورەکانی باشووری خۆمان دەڵێم، کە بەدوای جیابوونەوەدا دەگەڕێن، کە پلانەکانتان دەبینین و تێدەگەین، هەرگیز ڕێگە نادەین پلانەکانتان جێبەجێ بکرێن و، ناوچەکانتان وێران دەکەین لە باکووری سوریا و عێراق".

سەرۆکۆماری تورکیا رایگەیاند" ڕێگە نادەین پێکهاتەیەکی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانی باشوورمان دابنرێت".

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل حکومەتی ئاک پارتی ئەم هەلەی قۆزتەوەو لە مانگی رابردوودا چەندان شوێنێ مەدەنی و ژێرخان و نەخۆشخانەی کردە ئامانج و بەدەیان کەس بوون بە قوربانی، لە دەمەشەوە سودی لەو شەڕی فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان وەرگرتووەو هێرشەکانی زۆر لە جاران زیاتر فروانتر کردووە



AM:11:32:07/12/2023