لە دهۆک بەشە خۆراکی ژمارەیەک لە هاوڵاتییان بڕدرا

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی دهۆک رایدەگەیەنێت" بەهۆی کارانەکردنەوەی پسووڵەی خۆراک، نزیکەی شەش هەزار خێزان لە دهۆک لە پێدانی دوایین بەشە خۆراکی ئەمساڵ بێبەشکراون". 
 
حسێن سەبری بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی دهۆک، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە لێدوانێکدا بە سایتی (رووداوی) راگەیاندووە" نزیکەی (١٣) هەزار خێزان لە دهۆک پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان کارانەکردبوو، بەڵام لە ماوەی رابردوو نزیکەی حەوت هەزاریان سەردانیان کردووە و پسوولەکانیان کاراکردووە و بەشە خۆراکیان بۆ گەڕاوەتەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی (١٣) هەزار کەس نزیکەی شەش هەزاریان پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان کارانەکردووە، ئەوانە مانگی کانوونی دووەم دوایین دەرفەتیان بوو، بۆیە (١٠)یەم بەشە خۆراکیان راگیراوە، تاوەکو ئەوکاتەی سەردان دەکەن و کارای دەکەنەوە. 
 
حسێن سەبری دەشڵێت" هەر خێزانێک بەشە خۆراکی بڕدرابێت و سەردانمان بکات ناوی دەنووسرێت و پسوولەی دەکرێتە ئەلیکترۆنی و بەشە خۆراکەکەی پێدەدرێت، بەڵام ئەو شەش هەزار کەسە تازە بەشە خۆراکی ئەم مانگەیان فەوتاوە و دەبێت مامەڵەکانیان بۆ مانگەکانی داهاتوو بکەن".

رۆژی ١٦ی ئایاری ئەمساڵ بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد کە (٢٨١) هەزار خێزان فۆرمی خۆراکیان هەیە و نزیکەی (٢٧٥) هەزاریان کراونەتە ئەلیکترۆنی.


PM:02:50:07/12/2023