ئەمریکا هەڕەشە لە میلیشیا شیعەکانی عێراق دەکات

وتەبێژی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت" مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین".
 
وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەی سەر باڵیۆزخانەکەیان رایگەیاند" کاتژمێر ٤:١٥ی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، ٨ـی کانوونی یەکەم، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە دوو مووشەک رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە، هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکمان لەبارەی کەوتنەوەی زیان لە کۆمەڵگەی باڵیۆزخانە پێنەگەیشتووە."
 
سەبارەت بەو لایەنەی هێرشەکەی کردووە، باڵیۆزخانەکە گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت " تاوەکو ئەم ساتە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە کە لە عێراقدا ئازادانە چالاکن".
 
وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری دەدات و دەڵێت " جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین و فەرمانبەرانمان لەهەر شوێنێکی جیهان بێت بپارێزین".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند" لە ١٧ـی تشرینی یەکەمەوە ٧٨ هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا".
 




PM:05:42:08/12/2023