دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا".
ئێوارەی رۆژی هەینی ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان کاتژمێر ١٨:٠٥، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردۆتەوە، لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبونی هاوڵاتییانی لە شاری هەولێر کردە ئامانج. ئەم هێرشە تەنها زیانی ماددیی لێ کەوتەوە.
لە راگەیەنراوی ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژە بەوەشکراوە، وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاوڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانن لە ڕاگرتنی ئەم هەوڵانەی گروپە لەیاسادەرچوەکان.
ئاماژە بەوەشكراوە، كە لەیەك كاتدا ئێوارەی ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و فڕۆكەخانەی هەولێر كراونەتە ئامانج.