کەشناسی هەرێم وادەی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی بارانبارینەی راگەیاند

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە لە درەنگانی ئەمشەودا لاواز دەبێت و بارانبارین لەسەر زۆربەی ناوچەکان کۆتایی دێت". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و باران بارین لە سەرجەم ناوچەکان دەبارێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی دواینیوەرۆ بەشێوەی نمە بارانە، بەڵام لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت، هەروەها لە دواینیوەرۆ کاریگەری ئەم شەپۆلە درێژدەبێتەوە بۆسەر بەشەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، سنووری پارێزگای هەولێر و سەنتەری پارێزگا و بەشی رۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایە بارانی مامناوەندی دەبێت، لە ئیدارەی راپەرین و سنووری پارێزگای سلێمانی ئاستی دابارینی مامناوەند دەبێت، هەروەها بەفربارین لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییە سنووریەکان دەبارێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە درەنگانی شەودا لاواز دەبێت و بارانبارین لەسەر زۆربەی ناوچەکان کۆتایی دێت، خێرای باش (١٥ – ٢٥)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باکوری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٧ – ٨)کم دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش (چوار تا دوو) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.  

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ پێنج شەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، نمە بارانیش لەسەر بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی  دەمینێتەوە، لە دواینیوەرۆ ئاسمان دەگۆرێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، هاوکات خێرای با (٥ – ١٥)کم دەبێت و مەودای بینین (٩ – ١٠) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە. 


AM:11:05:13/12/2023