"کورد هەمیشە نیوە یان زیاتر لە کورسییەکانی کەرکوکی بەدەستهێناوە"

پسپۆڕێکی بواری هەڵبژاردن ئاماژە بە گرنگی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات و دەڵێت" لە دوای ٢٠٠٥ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام نەدراوە ئەگەرچی کورد هەمیشە لە کەرکوکدا نیوە یان زیاتر لە کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێناوە".

ئارام جەمال پسپۆر و شارەزای بواری هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ(سپی) رایگەیاند" دووەمجارە هەڵبژاردن دەکرێت و یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە لە دوای ٢٠٠٥وە تا ئێستا هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەکراوە".

لە بارەی گرنگی چوون بۆ دەنگدان، ناوبراو دەڵێت" ئەو دەنگەی دەنگدەری کورد لە کەرکوک دەیدات رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەو هەڵبژاردنەی بریارە لە ٢٠٢٤/٢/٢٥ دا بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت".

ئەو شارەزایەی بواری هەڵبژاردن دەڵێت" کورد هەمیشە نیوە یان زیاتر لە کورسییەکانی کەرکوکی هێناوە و ئەوەی ڕوودەدات جێگۆڕکێیە لە کورسییەکانی نێوان لیستە بەشداربووەکانی کورددا".

ئارام جەمال وتیشی" سیستمی ئەمجاری هەڵبژاردنەکە سیستمێکە، لە خزمەتی هێزە گەورەکاندایە و هێزەکانی خوار مامناوەندیش ئەگەری زۆرە کورسی بەدەست نەهێنن ".





AM:11:35:14/12/2023