پارتی بۆ قەیس خەز عەلی: ئێوە لەسەرشانی گەلی كوردستان دەستتان لە دەسەڵات گیر بوو

ئەمڕۆ لە وەڵامی قسەکانی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق پارتی هاتە دەنگ و وتی" ئێوە لەسەرشانی گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستان دەستتان لە دەسەڵات گیر بوو و مێژوو بە قسەکانی ئێوە چەواشە ناکرێت". 

پارتی ئەمڕۆ وەڵامی قسەكانی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کە لەبارەی کەرکوکەوە وتبووی دایەوە و رایگەیاند" قسەكانی قەیس خەز عەلی ئەمینداری عەسایبی ئەهلی حەق لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك هەڵگری تەحریفی مێژوو و راستییەکان بوو. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەو دۆخەی كە بەسەر عێراق و كەركووك و هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و تاییفەگەریی دەستەڵاتدارانی عێراقی بووە لە ساڵانی ڕابردوودا".
 
پارتی دەشڵێت" بە خەزعەلی دەڵێین ئێوە لەسەرشانی گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستان دەستتان لە دەسەڵات گیر بوو، هەرێمی كوردستان فەزڵی بەسەر هەمووتانەوە هەیە كە ئێستا لە دەستەڵاتدان. بە قسەكانی ئێوە مێژوو چەواشە ناكرێت و هیچ كەسێك لەهەر پێگە و مەقامێكدا بێت ناتوانێت مێژووی خەبات و قوربانیدانی كوردستان بۆ رزگاریی عێراق بسڕێتەوە''.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، رۆژی چوارشەممە، ١٣-١٢-٢٠٢٣، سەردانی کەرکووکی کرد و لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن وتارێکی پێشکێشکرد، لە بەشێکیدا پەیامێکی ئاراستەی کورد کرد و رایگەیاند" هەموومان ئەو وتارانەمان لە یادە کە لە مێژووی کەرکووکدا گوزەریان کردووە، هەندێک وتیان کەرکووک کوردستانییە، هەندێک وتیان کەرکووک تورکمانییە، هەندێک وتیان کەرکووک عەرەبستانییە یان عەرەبییە، بەڵام ئێمە وتمان و دووبارەی دەکەینەوە کەرکووک عێراقییە نوقتە سەری دێر. پێشتر ئەو قسانەمان کردووە و ئێستاش لە خاکی کەرکووکەوە دووبارەی دەکەینەوە کە کەرکووک پارێزگایەکی عێراقییە، هەر بە عێراقی دەمێنێتەوە."
 



PM:12:46:14/12/2023