عوسمانی حاجی مەحمود پەیامێک ئاڕاستەی کەرکوکییەکان دەکات

کەسایەتی سیاسی ناسراوی کوردستان عوسمانی حاجی مەحمود لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پەیامێک ئاڕاستەی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات و دەڵێت" بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن". 

عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوی گۆڕان، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە" سەرەڕای بوونی ناعەدالەتی و گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا و کەموکورتیەکانی تر، سەرەرای بونی هەر تێروانین و رەخنەیەك كە لەسەر دۆزی سیاسی و خراپی بژێوی كە هەمانە، داواکارم لە هەموو کوردستانیانی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن". 

ڕاشیگەیاندووە" بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەو ناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات، بۆیە بۆ هەموان ئەوە گرنگە كە پرسی نیشتمان و نەتەوەیمان لەو ناوچانە لە پێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بە پرسە سیاسی و حزببییەكان نەكرێن و بوون و مانەوەیان لامان جێگیر و بەردەوام بن، دیارە  تەمەنی هێز و لایەنە سیاسیەکانیش کاتی و کورتن". 

بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ١٨ی کانوونی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان ئەنجام دەدرێت. 

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ١٦ ملیۆن و ١٥٨ هەزار و ٦٨٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات پێنج هەزار و ٩١٥ کاندید کێبڕکێ لەسەر (٢٧٥) کورسی بۆ ئەنجوومەنی (١٥) پارێزگای عێراق بە کەرکوک و نەینەواوە دەکەن کە (٧٥) یان کۆتای ژنانن و (١٠) کۆتاى دیکە بۆ پێکهاتەکانن.

دەقی پەیامەکەی بەمشێوەیەیە: 

پەیامێك لە عوسمانی حاجی مەحمودەوە

هاونیشتمانیانی خۆشەویست، كوردانی دانیشتوی كەركوك و ناوچە دابرێنراوەكان، هەمووتان دەزانن کێشەی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی مێژویی نیشتمانی و نەتەوەییە و ئەرکی هەمو تاکێکی کوردستانییە، بەگرنگی و گیانی نەتەوەییەوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێست وەربگرین، لە هەوڵدان و خەباتکردن بەردەوامبین بۆ یەكلاکردنەوەی چارەنوسی ئەو ناوچانە، بۆیە سەرەڕای بونی ناعەدالەتی و گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا وکەموکورتیە کانیتر، سەرەرای بونی هەر تێروانین و رەخنەیەك كە لەسەر دۆزی سیاسی و خراپی بژێوی كە هەمانە،   داواکارم لە هەمو کوردستانیانی ئەو ناوچانە، ڕۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن، چونكە بەشداریكردن و دەنگدانی ئێوە سەنگی كورد لەوناوچانە بەهێزتر و پایەدارتر دەكات، بۆیە بۆهەموان ئەوە گرنگە كە پرسی نیشتمان و نەتەوەیمان لەو ناوچانە لەپێش هەر شتێكی ترەوەیە و پێویستە نیشتمان و نەتەوە تێكەڵ بەپرسە سیاسی و حزببییەكان نەكرێن و بون و مانەوەیان لامان جێگیر و بەردەوام بن، دیارە  تەمەنی هێز و لایەنە سیاسیەکانیش کاتی و کورتن.

عوسمانی حاجی مەحمود


PM:01:53:14/12/2023