كۆمسیۆن: ئامادەكارییەكان بۆ دەنگدانی گشتی تەواوكران

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت" سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دەنگدانی گشتی تەواوبوون". 

داود سەلمان خوزەیر بەڕێوەبەری مەشق و ر‌اهێنان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند" سەرجەم پێداوسیتییە لۆجستیکیەکان بۆ بنکە و وێستگەکانی دەنگدان گواسترانەوە و زۆرینەی کامێراکانی چاودێری لە بنکەکان دانراون". 

ئاماژەی بەوەشکرد، كۆمسیۆن هەموو كارەكانی بۆ دەنگدانی گشتی سبەینێ دووشەممە تەواوكردووە و ئەمنێتی ناوەندەكانی دەنگدانیش مسۆگەر كراون. 

ئەوەشی خستەڕوو، دوای کۆتایهاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتی راستەوخۆ دەنگەکان جیادەکرێنەوە و دوای (٢٤) کاتژمێر ئەنجامە بەراییەکان بڵاودەکرێنەوە. 

بەرەبەیانی دوێنێ دەنگدانی تایبەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێکرد، بەپێی ئامارێکی كۆمسیۆن زیاتر لە ٧٠٦ هەزار كەس دەنگی داوە، بڕیارە سبەینێش دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت و کۆتایی بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێگاکانی عیراق دێت.


PM:04:14:17/12/2023