دەنگدانی گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد

لە کاتژمێر (٧:٠٠) سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا کرانەوە.

کاتژمێر (٧:٠٠) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١٥) پارێزگای عێراق دەستیپێکرد و تا کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئەم ئێوارەیە بەردەوام دەبێت. 

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ١٥ ملیۆن و ١٠٨ هەزار و ١٣٥ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ١ ملیۆن و ١٥٣ هەزار و ٤٠٠ دەنگدەر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەنگ دەدەن، هاوکات ٥ هەزار و ٩١٥ کاندید کێبڕکێ لەسەر (٢٨٥) کورسی بۆ ئەنجوومەنی (١٥) پارێزگای عێراق بە کەرکوک و نەینەواوە دەکەن کە (٧٥)یان کۆتای ژنانن و (١٠) کۆتاى دیکە بۆ کریستیان، شەبەک، کوردى ئێزدى، کوردى فەیلی، سائیبەى مەندایین.

هەروەها بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق جیاکردنەوە و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان لە دوای (٢٤) کاتژمێری داهاتوو ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە دەخرێتەروو. 


AM:08:11:18/12/2023