شارەزایەکی کەشناسی: کۆتایی ئەم هەفتە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی زانیاریی نوێی لەبارەی ئەم شەپۆلە بەفروبارانە ئاشکرا کرد کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

ئەمشەو سێشەممە ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند" کۆتای ئەم ھەفتەیە لە بەیانی رۆژی ھەینی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سەر ناوچەکانمان کۆتای پێدێت و لە دەریای ناوەراستەوە نزمەپاڵەپەستۆیەک بۆ سەر ناوچەکانمان چالاک ئەبێت سەرەتاش بە نمە بارانی پچر پچر کاریگەری ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر ئەگەری بارانی مامناوەند و تاوە باران بەرێژەی جیاجیا ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەچیا بەرزەکاندا".

هەروەها دەشڵیت"  لە رۆژی شەمە ٢٣/١٢/٢٠٢٣ کاریگەری ئەم شەپۆلە زیاتر ئەبێت لەگەڵ دابەزینی بارستە ھەوایەکی سارد لەباکورەوە بەتایبەت بۆ سەر ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر نزمبوونەوەی بەرچاو لە پلەکانی گەرما ڕووئەدات و ئەگەری بارانی چڕ و بەردەوام بەدرێژای کاتەکان ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێکی چریش لەشاخە بەرزەکان لەبەرزی ٢٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە ".

ئاراس جەبار وتیشی"  لەسەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان ناوبەناو ئەگەری بارانێکی مامناوەند ئەبێت و لەگەڵ چالاکبوونی بای باشور لەزۆربەی ناوچەکان ، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمەوە باو باران فراوانتر و چالاکتر ئەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکان لەناوچە نزمەکان و سەنتەری پارێزگاکانیش ئەگەری بارانی باش و مامناوەند ئەبێت وە بەھۆی زیاتر دابەزینی بارستە ھەوا ساردەکەی باکور پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت، بەفر لەناوچە شاخاویەکاندا بۆ بەرزایەکانی خوار ١٦٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریا دائەبەزێت و پێشبینی بارینی بەفرێکی زۆر و چڕ ئەکرێت ، کاریگەری ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە  بەردەوامی ئەبێت".  




PM:10:16:19/12/2023